کێڤین کارتەر
کێڤین کارتەر | |
---|---|
بە ئینگلیزی: Kevin Carter | |
لەدایکبوون | ١٣ی ئەیلوولی ١٩٦٠ جۆھانسبێرگ، ئەفریقای باشوور |
مردن | ٢٧ی تەممووزی ١٩٩٤ جۆھانسبێرگ، ئەفریقای باشوور | (٣٣ ساڵ ژیاوە)
زمانەکانی ئاخاوتن | زمانی ئینگلیزی |
پیشە | وێنەگری جەنگی، وێنەگری ھەواڵەکان، ڕۆژنامەوان، وێنەگر |
بواری کار | وێنەگری ھەواڵەکان |
دەستپێکی چالاکی | ١٩٧٥ |
کۆتایی ساڵانی چالاکی | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ |
شاکارەکان | The vulture and the little girl |
ئەندامی | بانگ-بانگ کلۆب |
خەڵاتەکان | Pulitzer Prize for Feature Photography |
دۆخی مافەکانی لەبەرگرتنەوە | ئەو کارانەی کە لە مافی چاپکردن و بڵاوکردنەوە پارێزراون |
کێڤین کارتەر (بە ئینگلیزی: Kevin Carter) (١٣ی ئەیلوولی ١٩٦٠ – ٢٧ی تەممووزی ١٩٩٤)، وێنەگر و ڕۆژنامەنووسێکی ئەفریقای باشوور بوو. خەڵاتی پولیتزەری بەدەستھێنا بەھۆی وێنەکەیەوە کە دۆخی برسێتی ساڵی ١٩٩٣ی نیشان دەدا لە سوودان. لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.
ژیان
[دەستکاری]کێڤین کارتەر لە ١٣ ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٠ لە جۆھانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، لە گەڕەکێکی تایبەت بەسپی پێستەکان ژیانی منداڵی بەسەربردووە و زۆرجار بەچاوی خۆی پۆلیسی بینیوە ڕەشپێستەکانی ئەو ناوچانەیان دەستگیرکردووە، ھەر بۆیە لەدایک و باوکی دەپرسی ئێوەی سپی پێست بۆچی دەستەوسان دەوەستن بەرامبەر بەم ستەمەی دژ بە ڕەشپێستەکان دەکرێت.
دوای ئەوەی کارتەر قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە و لە زانکۆ بەشی دەرمانسازی خوێندووە، بۆ ماوەی ٤ ساڵ خزمەتی سەربازییان کردووە، ساڵی ١٩٨٠ لەھۆڵی چێشتخانەیەکدا داکۆکی لە ڕەشپێستێک کردووە کە ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردن بووەتەوە، ھەر لەبەر ئەم ھەڵوێستەی ڕووبەڕووی لێدانێکی زۆر توند بووەتەوە، لەدوای ساڵی ١٩٨٣ و بڕیاریداوە ببێت بە ڕۆژنامەنووسێکی وێنەگر.
کێڤین کارتەر لە ساڵی ١٩٨٣ وەکو وێنەگری ھەفتانەی ڕۆژنامە وەرزشییەکان کاری کردووە، ساڵی ١٩٨٤ لە ڕۆژنامەی جۆھانسبێرگ ستار کاری کردووە و سووربووە لەسەر ڕسوواکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ و جیاکردنەوەی ڕەگەزپەرستی (ئەپارتاید)، یەکەم کەس بووە کە لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا لە باشووری ئەفریقا وێنەی سزای کوشتن بەشێوازی سووتاندن جەستە بگرێت، قوربانییەکەش یەکێک بووە بەناوی ماکی سکوزانا و بەپەیوەندی کردن لەگەڵ ژنی یەکێک لەئەفسەرانی پۆلیس تاوانبار کرابوو، دوای ئەوەی وێنەی ئەم شێوازە لەسێدارەدانەی گرتووە ڕایگەیاندووە «ئەوەی کردیان تۆقێنەربوو، ئەوەی منیش کردم ھەر تۆقێنەربوو، بەڵام دوای ئەوە خەڵکی باسی ئەو وێنانەی منیان دەکرد بۆیە واھەستم کرد ئەوەی کردوومە شتێکی خراپ نەبووە».
لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٣ کێڤین کارتەر گەشتێکی بۆ سوودان کردووە، کاتێک کە گەیشتووەتە گوندی ئەیۆد گۆیی لە کرووزانەوەی منداڵێکی بچوکی بەدخۆراک بووە، کە بەچنگۆڵە دەڕۆشت بۆ ناوەندی دابەشکردنی خۆراک، کاتێک کە منداڵەکە ماندوو بووە و ڕاوەستاوە کامێراکەی دەرکردووە وێنەی بگرێت لەو کاتەدا داڵاشێک لەتەنیشت منداڵەکەوە نیشتووەتەوە بەو نیازەی منداڵەکە لەبرسا بمرێت و ئەمیش بیخوات، کارتەر دەڵێت: «بۆ ماوەی ٢٠ خولەک چاوەڕێم کرد تاکوو بزانم داڵاشەکە چی بەسەر منداڵەکە دەھێنێت بەڵام دوای ئەوە بڕیارمدا کە وێنەکە بگرم و پاشان داڵاشەکەم دوور خستەوە لە منداڵەکە، کارتەر لەسەر ئەم ڕوداوە زۆر سەرزەنشت کرا لەسەر ئەوەی کە بۆ چی وێنەی گرتووە و یارمەتی ئەم منداڵە بچووکەی نەداوە».
ئەم وێنەیە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز فرۆشرا و بۆ یەکەمجار لە ٢٦ی ئازاری ١٩٩٣ دا بڵاوکرایەوە. ھەر لەو شەوەدا سەدان کەس پەیوەندیان بە سەرنووسەری ڕۆژنامەکەوە کرد بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ منداڵەکە ڕزگاری بووە یان مردووە، کە ئەوەش وای لە سەر نووسەری ڕۆژنامەکە کرد کە ئاگاداریەکی تایبەت لەسەر ڕۆژنامەکە دەربکات و بنوسێت «منداڵە بچوکەکە توانیوویەتی بڕوات و دوور بکەوێتەوە لە داڵاشەکە بەڵام چارەنووسی کۆتایی منداڵەکە ھێشتا نادیارە».
لە ٢ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤ کێڤین کارتەر پەیوەندیەکی تەلەفۆنی پێگەیشت لە سەرنووسەری ئەو کاتەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە ناوی نانسی بۆرسکی بوو، خاتوو بۆرسکی بە کارتەری ڕاگەیاند کە وێنەکەی بەناوبانگترین خەڵاتی بەدەست ھێناوە لە بواری وێنەی ڕۆژنامەوانیدا ئەویش خەڵاتی پولیتزەر بۆ وێنە بوو. ئەوەبوو لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئایاری ساڵی ١٩٩٤دا لە نووسینگەی «لۆو میمۆریاڵ» لە زانکۆی کۆڵۆمبیا خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
لە ڕێکەوتی ٢٧ی تەممووزی ساڵی ١٩٩٤دا کێڤین کارتەر سەیارەکەی بەرەو ڕووباری برامفونتاینسبروی برد کە ڕووبارێکی نزیکە دەکەوێتە دەوروبەری بەشی باکووری شاری جوھانسبێرگ کە پایتەختی وڵاتی باشووری ئەفریقایە. لەو شوێنەدا کارتەر زۆربەی ژیانی منداڵی بەسەربردبوو ھەر لەو شوێنەدا دوای ئەوەی کە بۆڕی گزۆزی دووکەڵی سەیارەکەی بەدەستی خۆی دەباتە ناو ئۆتۆمبیلەیەکەیەوە بەھۆی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە خۆی کوشت و لەدوای خۆی نامەیەکی بەجێھشتبوو بۆ کەس و کار و ھاوڕێکانی و تێیدا نووسیوویەی:
«من زۆر خەمبار و ڕەشبینم... بەبێ تەلەفۆن.. بەبێ پارەی کرێی خانوو... بەبێ پارە بۆ قەرز... بەبێ پارە... من لە لایەن یادەوەریە زیندووەکانی پڕۆسەی کوشتن و تەرم و تووڕەبوون و ئازار ڕاودەنرێم، ڕاودەنرێم لە لایەن منداڵە بریندارەکان و ئەو منداڵانەی لەبرسا دەناڵێنن... لە لایەن ئەو شێتانەی ھۆگری تەقەکردنن... لەلایەن پۆلیس و جەلادەکانەوە»
ھەندێک لە دۆستە نزیکەکانی دەڵێن کە گوایە کارتەر لە ژێر کاریگەری ئەم وێنەیەی کە بەدەستی خۆی گرتبووی خۆی کوشتووە چونکە ھەر دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە باری دەروونی زۆر تێکچووە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]ئەو وێنەی کە بووە براوەی خەڵاتی پولیتزەر
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە کێڤین کارتەر تێدایە. |