کەلسیۆم
کەلسیۆم یان کالسیۆم (بە ئینگلیزی: Calcium) یەکێکە لە توخمە کیمیاییەکان و ھێمای کیمیایی (Ca)یە و گەردیلە ژمارەکەی (٢٠)ە. وە لە کۆمەڵەی دووەمی خشتەی خولییە. کەلسیۆم لە ڕوانگەی بەرفراوانیەوە، لە نێوان ھەموو توخمەکانی توێکڵی زەوی پلەی پێنجەمی بەبەردەکەوێت و لە نێوان ھەموو کانزاکانیش پلەی سێیەم. تێکەڵەکانی کەلسیۆم پێکھێنەری ٣٫٦٤٪ی توێکڵی زەویە. بلوورە سپییەکانی کەلسیۆم، لە پلەی گەرمی C˚٨١٠ دەتاوێنەوە و کانزای کەلسیۆم لە ئاو و ترشدا تواوەتەوە و ھایدرۆکسید و خوێ بەرھەم دەھێنێت.
سەرچاوەی کەلسیۆم
[دەستکاری]سەرچاوەی کەلسیۆم بە بەرفراوانی لە پانتاییەکانی زەویدا بوونی ھەیە. ئەم کانزایە لە ژیانی ڕوەک وگیانلەبەران ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە و لە ئێسکەکان و ددانەکان و توێکڵی ھێلکە، ھەموو جۆرەکانی گوێچکە ماسی و لە زۆرێک لە خاکەکان بوونی ھەیە. ھەروەھا کلۆریدی کەلسیۆم بە ڕادەی بەرفراوانی ٠٫١٥٪ لە ئاوی دەریادا ھەیە. کەلسیۆم لە تێکەڵەی توێکڵی زەوی بە ڕێژەی ٣٦٣٠٠ گرام لە تۆنێکدا بوونی ھەیە ئەم کانزایە بە شێوەی سەربەخۆ دەست ناکەوێت، بەڵکو بە شێوەی تێکەڵەی جیاواز لە کانەکان وە بە شێوەی تواوە لە ھەیکەلی گیانلەبەران و ڕوەکەکان بەشداری دەکەن. ئەو کانە گرنگانەش بریتین لە دۆڵۆمیت، گیبس و ئاپاتیت. ھەروەھا ئەم توخمە کانزایە لە بەردی کڵس و گەچ بوونی ھەیە.
ئامادەکردن و دەرھێنانی
[دەستکاری]لە پیشەسازیدا، کانزای کەلسیۆم دەتوانێ لە ئەلیکترۆلیز، کلۆریدی کەلسیۆم و تێکەڵەی فلۆرید و کلۆریدی پۆتاسیۆم ئامادە بکات. لەم ڕەوشە لە لاپەڕەی خەڵووزی وەک ئاند ومیلەی ئاسنی وەک کاند سود وەردەگیرێت.
تایبەتمەندییەکی بەرچاو
[دەستکاری]کەلسیۆم توخمێکی تاڕادەیەک ڕەقە کە بە ھۆی ئەلیکترۆلیز لە فلۆریدی کەلسیۆم وەک کانزایەکی خاوێن دەردێت و بە بڵێسەی زەرد و سور ڕەنگ دەسوتێت و لە ھەوادا چینی نیتریدی سپی ڕەنگ بەرھەم دێنێت. ئەم توخمە کاردانەوە نیشان دەدات بە ئاو و لە دوای جێگۆڕکێی ھایدرۆجین ھایدرۆکسیدی کەلسیۆم بەرھەم دێنێت.
پەیدابوون
[دەستکاری]کەلسیۆم پێنجەمین توخمە لە ڕووی بەرفراوانیەوە لە پێکھاتەی توێکڵی زەوی کە ڕێژەی ٣٪ و بە شێکی گرنگیشە لە گەڵاکان، ئێسکەکان، ددانەکان و گوێچکە ماسی. بە ھۆکاری ھەبوونی کاردانەوەی توند بە ئاو وھەوا کەلسیۆم ھەرگیز بە شێوەی کانزایەکی خاوێن لە سروشتدا لە توخمەکانی دیکەدا بەدەست ناکەوێت، جگە لە بوونەوەرانی زیندوو نەبێت کە ca+2 ڕۆلێکی گرنگی لە فیزۆلۆژیی خانەی لە ئەستۆدایە. ئەم توخمە کانزایە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەردی ئاھەک، گەچ و فلۆرید بوونی ھەیە ئایتیت، فلۆرۆسفات یان کلۆرۆسفاتی کەلسیۆمە. لە ئەلیکترۆلیز کلۆریدی فۆسفاتی تواوە (cacl2) سوود وەردەگیرێت بۆ جیاکردنەوەی کەلسیۆمی خاوێن.
پێکھاتە
[دەستکاری]ئاھەکی زیندوو (cao) لە زۆرێک لە پڕۆسەکانی پاڵاوتن بە کاردێت و بە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی و زیادکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو ئاو بۆ بەردی ئاھەک بەدەست دێت. ئەگەر cao تێکەڵ بە پێکھاتەی دیکە ببێت، ڕەق دەبێت و دەگۆڕێت بۆ mortar و بە کێش کردنی دوانۆکسیدی کاربۆن دەگۆڕێت بۆ plaster. لە حاڵێکدا cao کاتی ئاوێتە کردنی لە گەڵ تێکەڵەکانی تر، بەشێکی گرنگی چیمەنتۆی پۆرتلەند دروست دەکات. کاتێک ئاو تکە بکات بۆ سەر بەردە ئاھەکییەکان یان بەردە کاربۆناتە تواوەکانی تر، دەبێتە ھۆی داخورانی بەردەکان و دەبێتە ھۆی پێکھاتنی ئەشکەوتەکان، تاق تاقە و ناڕێکی وبەرزونزمی و ئاوی سەخت (ئاوی قورس). پێکھاتە گرنگەکانی دیکەی کەلسیۆم بریتین لە: نیترات، سۆلفید، کلۆراید، کاربید، سینامید و ھیپۆکلۆرید.
ئەزموزن و ناسینەوە
[دەستکاری]لە ڕوی چۆنیەتییەوە، بوونی کەلسیۆم دەتوانرێت یان بە ھۆی پێکھاتەی کاربۆناتی نەتواوە، یان بە ھۆی گڕگرتنی بڵێسەیەکی مەشخەڵێک کە پێکھاتنی ڕەنگی سوری درەوشاوە دەنوێنێت، بناسرێتەوە. لە ڕووی چەندایەتییەوە، دوای جیاکردنەوەی کەلسیۆم لە کانزا تێکەڵەکانی تری خۆڵ، بە ڕەوشی کڕۆمات-سۆلفات و یان ئەتەر- ئەلکھۆل، لە ئامۆنیۆم، سوود لە ئیکسالات وەردەگیرێت کە کەلسیۆم بە شێوەی ئیکسالاتی کەلسیۆم دەبێتە نیشتوو و دواتر ئەم نیشتووە ھاوسەنگی دەنوێنێت.
مێژووی کەلسیۆم
[دەستکاری]Calx بە لاتینییە واتە ئاھەک) لە سەدەی یەکەم، ڕۆمیەکان کەڵسەکیان بەرھەم ھێناو بەکاریان ھێنا بەڵام کەلسیۆم ھەتا ساڵی ١٨٠٨ نەدۆزرابویەوە. دوای ئەوەی Sir Humphry Davy زانی بە ھۆی ئەلیکترۆلیز ئاھەک لە جیوەدا و بەھۆی Berzelius وPontin دەتوانرێ تێکەڵەی کانزا لە گەڵ جیوە بەرھەم بێت، سەرکەوتو بوو بە بەرھەم ھێنانی کەلسیۆمی خاوێن.
ئەرکەکانی کەلسیۆم لە لەشدا
[دەستکاری]- لێدانەکانی دڵ ڕێکدەخات.
- لە ڕێکخستنی کاری سیستەمی دەماری لەش بە تایبەت لە گواستنەوەی ھاندەرەکانی دەمار ڕۆڵی سەرەکی ھەیە.
- کەلسیۆم ھۆکاری پتەوی ئێسکەکانە. پێویستە کەلسیۆمی پێویست لە خۆراکی لاواندا بوونی ھەبێت پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێگەیشتن بۆ ئەوەی ئێسکەکان شێوازێکی پتەو کەڵەکەبوو بگرنە خۆ، تاوەکو لە تەمەنی بەساڵاچووندا دووچاری ئێسک پووکی نەبن.
- کەلسیۆم بۆ گرژبوونەوەی ماسوولکەکان پێویستە و ئەگەر کەلسیۆمی نەبێت جووڵەش ئەستەم دەبێت.
- بێ خەوی کەم دەکاتەوە.
- کاریگەری لە سەر مێتابۆلیزمی ئاسنی جەستە ھەیە.
- کەلسیۆم لە یەکێک لە قۆناغەکانی خوێن مەیین نامۆیە.
نیشانەکانی کەمی کەلسیۆم لە لەشدا
[دەستکاری]نیشانەکانی کەمی کەلسیۆم لە مناڵاندا دەبێتە ھۆی نەخۆشی ڕاشیتیسم (ئێسکە نەرمە)، و لە تەمەنە نێوەنجییەکاندا دەبێتە ھۆی نەخۆشی نەرمی ئێسکەکان و لە گەورە ساڵاندا دەبێتە ھۆی ئێسک پووکی. ئەم نەخۆشییانە بە ھۆی کاریگەری کەمی ڤیتامین D دەردەکەوێت، ئەگەر بتەوێت ئێسکەکانت پتەو بن، پێویستە ئاگاداری بەکارھێنانی ڤیتامین D بین. لە نەبوونی ڕێژەیەکی زۆری کەلسیۆم، گرژبوونی خێرای ماسوولکەکان دەردەکۆپانی بە دوادادێت کە سەرەتا بە لەش گیران دەبینرێت. ھەڵبەت ئەم بارە کەمتر ڕوودەدات و ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بە شێوەی بەرچاو بینراوە، پووک بوونی ئێسکەکانە لە تەمەنی بەساڵاچووندا و بۆ ڕێگرتن لەمە دەبێت ھەر لە تەمەنی لاوییەوە ئاگامان لە خۆمان بێت.
ڕێگرتن لە توش بوون بە نەخۆشی ئێسک پووکی
[دەستکاری]لەبەر ئەوەیە لە کاتی بەساڵاچووندا، ژانی ئێسکەکان، ئاسان شکان و درەنگ چاک بوونەوەی ئێسکەکان دەبینرێت. ھاوسەنگیی پێویستی کەلسیۆم ڕۆژانە ٨٠٠ تا ١٢٠٠ میلیگرامە. بۆ ڕێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشی ئێسک پووکی، دەبێت زیاتر ھەوڵی بەدەستھێنانی کالسێۆم و ڤیتامین D بدەین ئەویش بە ڕێژەی پێویست و دیاریکراو. نابێت جگەرە بکێشین. نابێ چا و قاوە لە ڕادەبەدەر بخۆینەوە. دەبێت زیاتر لە ژێر تیشکی خۆردا بین بۆ ئەوەی ڤیتامین D لە ژێر پێستمانەوە بەرھەم بێت. لە ھەر تەمەنێک بین دەبێت وەرزش بکەین، چونکە کەم جووڵانەوە دەبێتە ھۆی ئێسک پووکی. دەبێت سەرچاوەکانی ڤیتامین D یش لە بیر نەکەین.
ڕێژەی پێویستی کەلسیۆم بۆ ھەر تاکێک
[دەستکاری]ڕادەی ھاوسەنگیی کەلسیۆمی گونجاو بە میلیگرام:
- ساوایان تا تەمەنی سێ ساڵ = ٤٠٠
- مناڵان چوار تا شەش ساڵی = ٧٠٠
- مناڵان حەوت تا دە ساڵی = ٨٠٠
- پیاوان، لاوان و پێگەیشتووەکان = ١٠٠٠
- ژنان، لاوان و پێگەیشتووەکان = ١٠٠٠
- ئافرەتی سک پڕ (دووگیان) = ١٣٠٠
- ئافرەتی شیردەر = ١٣٠٠
سەرچاوەکان
[دەستکاری]https://fa.wikipedia.org/wiki/کلسیم
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە کەلسیۆم تێدایە. |